سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە پەرلەماندا، دەڵێت هێزی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمەریکا "بۆ پاراستنی ئاسایش" پێشوەخت تورکیایان لە سەردانەکەی شاندێکی باڵای هەسەدە و کارمەندانی سەربازی ئەمریکا بۆ سلێمانی ئاگادارکردبووەوە.
هەرێم کەمال ئاغا، کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبەیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هاوپەیمانان، تورکیا و عێراقییان لە کۆبونەوەکەی بەرپرسانی هەسەدە و بەرپرسانی ئەمەریکا و یەکێتی لە کاتی هاتنی وەفدەکە و ڕۆیشتنیان لە سلێمانی ئاگادار کردبوەوە؛ ئیتر چ پێویست به کهسێکی تر ههیه زانیاری بدات لهوهی که مهزڵوم عهبدی لە سلێمانیە؟ "
پێشتر، سەرۆکی یەکێتی، بە ماوەیەکی کەم دوای هێرشە درۆنیەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و بە ئامانجگرتنی شاندەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕووداوەکەی بە "هەوڵە نەزۆکەکەی نۆکەرانی بێگانە" ناودێر کردبوو.
لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکی یەکێتی دەڵێت "کردەی تاوانکاری و بەزاندنی سنوری هەرێم و عێراق بە چاوساغی و ڕێنیشاندانی لایەن و دەزگایەکی ئەمنی هەواڵگریی ناوخۆیی، حاڵەتێکی نامۆ نییە و مێژوویەکی درێژمان لەگەڵیدا هەیە."
تاڵەبانی لە بەیاننامەکەی 7ی مانگ باسی ئەوەی نەکردووە کە ئەو لایەنە ناوخۆییە کێیە، هەرچەندە زۆرێک لە چاودێر و شیکەرەوە دەڵێن مەبەستی لە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
یەک ڕۆژ دوای ڕووداوەکە، سایتی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە کە گوایە زانیاری لەسەر سەردانەکەی هەسەدە بە سەرۆکایەتی مەزڵوم کۆبانی و دەرچونی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی لەناو دەزگای دژە تیرۆرەوە دراوەتە تورکیا و ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەوانەی ناڕازین لەو دەزگایەدا ئەو زانیاریانەیان گەیاندووە. هەندێکی تریش لە نێوەندەکانی ڕاگەیاندنی بیانی، ئاماژەیان کردووە بەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنی هەواڵەکە لەناو دژە تێرۆری پارتی دیموکراتی کوردستانە.
هەرێم کەمال ئاغا، نکوڵی دەکات لەوەی زانیارییەکان لای هەرێمی کوردستانەوە دەرچوبێت.
هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت " هێزهکانی دژهتیرۆر هێزێکی زۆر تۆکمه و بههێزن و ناوێکی بهرز و جوانیان ههیه، بهردهوام ئۆپراسیۆنیان ههیه لهگهڵ سوپای عێراق و لهگهڵ سوپای ئهمهریکا بۆیه هێزێکی متمانهپێکراو و بههێزن. ئێستاش بهردهوام له ئۆپراسیۆنهکان چالاکی بهردهوامیان ههیه. "
لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و هەروەهاش لە باکوری عێراقیشدا، لەشکری تورکیا دەیان بنکەی سەربازی داناوە و دەڵێت ئەو بنکانەی پێویستن بۆ "شەڕی دژی تێرۆریزم" وەک ئاماژەیەک بە پارتی کرێکارانی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەسەر ئەم ڕووداوە ڕایگەیاند دژی هەر کارێکە کە مەترسی دروست بکات لەسەر پارێزراوی و ئاسایشی سەرباز و کارمەندانی ئەمەریکا.
ڤێدانت پاتێل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا دەڵێت ناتوانن سەرچاوەی هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە پشتڕاست بکەنەوە کە لە حەوتی ئەم مانگە لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی کارونێکی کردە ئامانج، بەڵامدەشڵێت، وەزارەتی بەرگری زانیاری زیاتری لەسەر لێکۆڵینەوەکان لایە.
پرسیار لە پاتێل کرا سەبارەت بەوەی ئایا هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە کراوە، لە وەڵامدا دەڵێت "پێش لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی بەرگری ناکەوێت" بەڵام جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردەوە.
ئەمەش ببینە کاردانەوەکان لە بەرامبەر هێرشەکەی تورکیا لە سلێمانی
بەپێی زانیارییەکان، ئەو هێرشەی حەوتی مانگی چوار لە کاتێکدا بووە کە سێ سەربازی ئەمەریکایش لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی گەشتیان کردبوو. پاتێل، ئەم وردەکارییەی پشتڕاست نەکردەوە و ڕوونیشی نەکردەوە کە بۆچی کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا لەگەڵیدابوون.
ئەو هێرشە درۆنییەی تورکیا بووە هۆکارێکی تری قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لە نێوان پارتی و یەکێتیدا.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆکاری هێرشەکەی گەڕاندەوە بۆ، وەک دەڵێت "ڕەفتاری دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حیزبی لە سنووری سلێمانی." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لە بەرامبەردا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، دەڵێت "جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و تەنها نوێنەرایەتی حزبێک دەکات لە ناو حکومەتدا و بە هیچ شێوەیەک بۆی نیە بە ناوی هەموو حکومەتەوە قسە بکات و دوا بەیاننامەشی شەرمەزار دەکەین."
ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی لیژنەکان
هەریەکە لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق و لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن و چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە بۆردومانەکە سەردانی فڕۆکەخانەی سلێمانیان کرد.
هەرێم کەمال ئاغا، کە یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژە پەرلەمانییەکە بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەو ڕووداوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "فڕۆکهخانهی سلێمانی نه هیچ بارهگایهکی تێدایه و نه هیچ کێشهیهکی ههیه. میوانێک هاتووه، مهزڵوم عهبدی، که میوانی هێزهکانی هاوپهیمانان بووه. هاوپهیمانان ئاگاداری وڵاتی تورکیاشیان کردۆتهوه له هاتن و ڕۆیشتنی. لهههمانکاتدا هێزهکانی سوریای دیموکرات پهیوهندی تری ههیه لهگهڵ عێراق و هاوکاری یهکتری دهکهن هاوکاری هێزهکانی پێشمهرگه و هێزهکانی دژهتیرۆر دهکهن لهگهڵ هێزهکانی هاوپهیمانان بۆ شهڕی دژهتیرۆر، بۆیه ئهمانهی تورکیا دهیکات لهچوارچێوهی شهڕی ههڵبژادنه و هیچی تر نییه. "
تورکیا تائێستا بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە. بەڵام ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە پاشماوەکانی تەقینەوەکە ئەو گومانانە ناهێڵن کە ئەنکەرە بەرپرسیارە.
هەرێم کەمال ئاغا ڕایگەیاند، "بهپێی ئهو ڕاپۆرتهی ئێمه وهرمانگرت پروشکی ئهو بۆمبهی که تهقیوهتهوه دیاره و ئهو کارگهیهی که دروستی کردووه له کوێیه. ئهو ڕاپۆرته دهریخست که له وڵاتی تورکیا ئهو جۆره بۆمبه دروست دهکرێت؛ بهپێی ڕاداری فڕۆکهخانهی کهرکوک و سلێمانی هیچ گومانێک نهماوه و ئهمه هی دهوڵهتی تورکیایه. "
هەروەها وتی، " بەپێی ئهو ڕاپۆرتانهی که لهوێن، کاتژمێر 9ی بهیانی ئهو ڕادارانهی فڕۆکهخانهی کهرکوک لهگهڵ فڕۆکهخانهی سلێمانی ئاماژهیان به ههموو ئهو جموجۆڵی درۆنانه کردووه که لهسهر ئاسمانی سلێمانی و کهرکوک هەبوون ههتا دوای ڕووداوهکه. بۆیه ئاگاداری ئهمهریکیهکانیش کراوهتهوه که شتێکی واههیه، وه ئاگاداری تورکیهکانیشیان کردووه پێش لێدانهکه."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق هێرشەکە بە پێشێلکردنی سهروهری وڵات و جهنگێکی دهرونیی هەژمار دەکات.
ئەمەش ببینە زانیاری سەبارەت بە سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان
سەردان و دیدارەکانی قوباد تاڵەبانی
بە پێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکانی هەرێم، ڕۆژی سێ شەممە قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەم گرژیانە سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵا کۆبۆتەوە.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبونەوەیەکی "بەرهەمداری هەبووە،" هاوکات میدیاکانیش وێنەی کۆبونەوەیەکی تاڵەبانی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیان بڵاوکردەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی میدیای کوردی، لە نێویشیاندا ماڵپەڕی درەو میدیا، دوای کۆبونەوەکانی لە بەغداد، قوباد تاڵەبانی بەسەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتۆتە ئەنقەرە، بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بەمەبەستی کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی.
دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی کرد بە سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، بۆ زانیاری لەسەر ئەم سەردانانە، بەڵام بەردەست نەبوو.
سەبارەت بە کۆبونەوە و سەردانەکانی قوباد تاڵەبانی، هەرێم کەمال ئاغا وتی ئەو ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبونەوەکانی بەغدای قوباد تاڵەبانی نییە و دەنگۆی سەردانی بۆ ئەنکەرە وەک دەڵێت "نەیبیستووە."