لەکاتێکدا گرووپە مرۆییەکان داوای ئاگربەست لە غەززە دەکەن، 3 سەربازی ئیسرائیل لە ڕەفەح دەکوژرێن

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند سێ سەربازیان لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە کوژراون و دانیشتووانی ئەو شارەش هەواڵی هێرشی نوێی ئیسرائیلیان ڕاگەیاندووە و حەماسیش دەڵێت موشەکی ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل کردووە.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و کۆمەڵگاکانی مانگی سوور ڕایگەیاندووە پێویستە ئاگربەست لە غەززە ئەنجام بدرێت و گرووپە مرۆییەکان دەستیان ڕابگات بۆ دابینکردنی هاوکاری بۆ فەلەستینییەکان کە دوای نزیکەی هەشت مانگ شەڕ بە شێوەیەکی خراپ پێویستیان بە یارمەتی هەیە.

کەیت فۆربێس سەرۆکی IFRC بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەک دروست بکەین. دەبێت دەستمان بەو خەڵکە ڕابگات و بۆ ئەمەش پێویستە ئاگربەست هەبێت."

لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێس، فۆربێس وتیشی پێویستییەکی کورتخایەن هەیە بۆ چارەسەرکردنی خێرا، وەک بەدخۆراکی و نەبوونی پاکوخاوێنی گونجاو.

ڕایگەیاند "بەڵام ئەمە سەخت دەبێت بەو پێیەی پێویستی بە هاوکاریی دەیان ساڵ هەیە بۆ بونیاتنانەوەی غەززە و پشتیوانی کردن لە خەڵکەکەی."

ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە "نیگەرانی قووڵ"ی دەربڕی سەبارەت بە هێرشێکی ئاسمانی کە پێدەچێت لەلایەن ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام درابێت و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 45 فەلەستینی لە کەمپێکی پەنابەران لە رەفەح و 200 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمەریکا دەڵێت، داوای لە ئیسرائیل کردووە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو ئەنجام بدات.

ماتیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەو وێنانە دڵتەزێن بوون."

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا ئیسرائیل مافی ئەوەی شەڕی حەماس بکات، بەڵام ئەرکی ئەوەشی لەسەرە هەموو هەوڵێک بدات بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی خەڵکی سڤیل لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجامدەدات.

میلەر گوتیشی " ئێمە بەردەوام دەبین لە جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی ئیسرایل بە تەواوی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، کەمکردنەوەی کاریگەریی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی و زۆرترین ڕۆیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، " ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئیسرائیل بەڵێنی لێکۆڵینەوەیەکی خێرا، گشتگیر و شەفافی داوە.

وتیشی "لە نزیکەوە چاودێری ئەو ئەنجامانە دەکەین."

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لەو ئەگەرە دەکەن کە ئەو چەکانەی لەو ناوچەیەدا هەڵگیراون بەر هێرشەکانی ئیسرائیل کەوتبن و ڕەنگە بووبن بە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە کەمپی پەنابەران لە ڕۆژی یەکشەممە. وتەبێژی سەربازی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەو تەقەمەنیانەی لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون زۆر بچووکبوون بۆ ئەوەی ئاگرێکی گەورەی لەو جۆرە دروستبکەن.

وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە خێوەتەکان بەربوون. ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە هێرشەکەدا دوو چەکداری باڵای حەماسیان کوشتووە.

جۆن کیربی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، سەبارەت بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئیسرائیل گوتی "پێموایە ئەمە زۆر بە ڕوونی ئاماژە بە ئاستەنگەکانی هێرشە ئاسمانییە سەربازییەکان دەکات لە ناوچەکانی پڕ لە دانیشتوانی غەززەدا، لەنێویاندا ڕەفەح، کە مەترسی قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە."

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پاشنیوەڕۆی سێشەممە لە دانیشتنێکی داخراودا کۆبووەوە کە لەسەر داواکاری جەزائیر بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکە دانرابوو. دوای کۆبوونەوەکە، باڵیۆز عەمار بێندجامە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، جەزائیر بەنیازە ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک لە ماوەیەکی کورتدا لەسەر ڕەفەح بڵاوبکاتەوە.

گوتی "دەقێکی کورت. دەقێکی چارەنووسساز بۆ ڕاگرتنی کوشتن لە ڕەفەح."

دەقەکەی کە لە لایەن دەنگی ئەمەریکاوە بینراوە، "بڕیار دەدات کە ئیسرائیل، دەسەڵاتی داگیرکەر، پێویستە دەستبەجێ هێرشە سەربازییەکەی و هەر کردارێکی تری لە ڕەفەح ڕابگرێت." هەروەها داوای ئاگربەستی دەستبەجێ "لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە و ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجیش بۆ هەموو بارمتەکان" دەکات.

نیکۆلاس دی ڕیڤێر، نوێنەری فەرەنسا لە لێدوانێکیدا پێش کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، پێویستە ئیسرائیل بە پێی بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕابگرێت و گروپە فەلەستینییەکانیش دەبێت هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرن.

وتیشی " ئەمە بابەتی ژیان و مردنە.ئەمە بابەتی فریاگوزارییە."

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەبێت "توندوتیژی بێوچان" بوەستێت و داوای ئاگربەستی مرۆیی و ئازادکردنی بێ مەرج و دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکانی دووپاتکردەوە.

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی، UNRWA، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 940 هەزار کەس لە شاری ڕەفەح هەڵاتوون، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە. 100 هەزاری دیکەش بەهۆی شەڕ لە باکووری غەززە ئاوارە بوون.

نەتانیاهۆ چەندین جار ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل پێویستی بە ئەنجامدانی هێرشێکە لە ڕەفەح بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە دڵنیابێت لەوەی حەماس نەتوانێت لە غەززە چالاکی بکات و لە داهاتوودا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، دەشێت هێرشەکە هەوڵەکان بۆ نێوەندگیریکردنی دانوستانە چەقبەستووەکانی ئاگربەست و گەڕانەوەی ئەو بارمتانەی کە لە غەززە دەستبەسەرکراون ئاڵۆزتر بکات.

هێرشەکانی ئیسرئیل بۆ سەر حەماس لە کەرتی غەززە پاش 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس هێرشێکی بیپێشینەیان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان لەو هێرشەدا کوشت کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و بێجگە لەوەش نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، کە هێشتا بەشێک لە بارمتەکان لە ژێر دەستی حەماس ماونەتەوە. ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا. بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 36,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

پاتسی ویداکوسوارا، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی و مارگرێت بێشیر، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاربوون بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە. هەندێک لە زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکەش لە ئاژانسەکانی ئەسۆشیەیتد پرێس، فرانس پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراوە.