ئامارەکانی گیانلەدەستدان لە وەزری حەجی ئەم ساڵی 2024 نزیک بوونەتەوە لە هەزار هاووڵاتی و لەو ژمارەیەش 23 هاووڵاتیان کوردن، کە گیانیان لەدەستداوە ،زۆرینەشیان بە ڤیزای گەشتیاری بە شێوەی گروپ و سەربەخۆ چوونەتە وڵاتی سعودیە.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لەم ساڵدا 4 هەزار و 685 هاووڵاتی لەهەرێمی کوردستانەوە، سەردانی وڵاتی سعودیەیان کردووە، لەو ڕێژەیەش هەزار و 700 هاووڵاتییان بە ڕێگەی وشکانی چوون و 2 هەزار و 985 هاووڵاتیان بە ڕێگەی ئاسمانی چوون.
کاروان ستونی وتەبێژی ڕەسمی بەڕێوبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ هەینی 21ی 6ی 2024 بڵاویکردەوە، 23 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە، لەو ڕێژەیە 22 کەسیان بە ڤیزای گەشتیاری چونەتە سعودیە.
بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان دەڵێن، لەپشت هاتنی ئەو ژمارە زۆرە هاووڵاتیەی کە بەشێوەی ڤیزای گەشتیاری هاتوونەتە سعودیە "گروپ" هەن، کە دوای ئەوەی هاووڵاتیەکانیان بە بەڵێنی جۆراوجۆر هێناوە، دواتر لێیان نەپرسیونەتەوە.
ئارام شێخ جەمال بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی ئەوقاف لە وڵاتی سعودیەوە، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" خەڵک هەبووە جیالەوکەسانەی کە ناویان لە وەزارەتی ئەوقاف دەرچووە،40 هاووڵاتی هێناوە، وەک خۆیان پێیان ووتوین، بە دە ڕۆژ لەناو ئوتێل گڵۆپیان کوژاندوەتەوە و نەهاتوونەتە خوارەوە، دواتریش هەموو ڕوکنەکانیان لە کەشێکی گەرم و بە پێ بڕیووە و شوێنێکی حەوانەوەیان نەبووە، بۆیە تەندروستیان تێکچووە و هەندێکیان مردون."
ئارام شێخ جەمال وتیشی، " ئەوانەی لەگەڵ وەزارەتی ئەوفاف هاتوون تەنها یەک کەس گیانی لەدەستداوە ئەویش خۆی پێشتر نەخۆش بووە، هەموویان ڕێبەریان لەگەڵ بووە، شوێنی مانەوە و تیمی تەندروستیان لەگەڵ بووە،هەموو جۆرە خزمەتێکیان کراوە."
حکومەتی سعودیە لە 1ی مانگی چواری ئەمساڵەوە ڤیزای سێ مانگی بۆ عەمرە و یەک ساڵی گەشتیاری ڕاگرت، بەڵام هەزاران هاووڵاتی لەسەرتا سەری جیهانەوە پێش ئەو وادەیە لە سعودیە بوون.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی حەجی سعودیە لەم ساڵدا یەک ملیۆن و 833 هەزار و 164 هاووڵاتی بە مەبەستی حەجکردن ڕویان لە وڵاتی سعودیە کردوە، کە لەو ڕێژەیە 958 هەزار و 137 کەسیان پیاوبون و 875 هەزار و 27 کەسیان ژن بوون .تا ئێستا 929 هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و چارەنوسی دەیان حاجی دیکەش بەنادیاری ماوەتەوە .
بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان، دەڵێن ژمارەیەک هاووڵاتی کورد لە سعودیە دەستگیرکراون و لەوهەوڵی ئازادکردنیاندان.
ئارام شێخ جەمال بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی ئەوفاف بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ ئازادکردنی ئەو هاووڵاتیانەی کە دەستگیرکراون، دواتر خۆیان دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن، لەسەر ئەوکەسانەی کە هێناویانن تا ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەر بگیرێتەبەر."
بڕیارە ئەم شەو21 ی 6 ی 2024 ئەو حاجیانەی کە بە ڕێگای وشکانی چووبون، لە مەکەوە بەرەو مەدینە بەڕێبکەون و لەوێشوە بەرەو عێراق بگەڕێنەوە، و لە 24ی 6ی 2024 ئەو حاجیانەی بە ڕێگای ئاسمانی چووبوون دەست بە گەڕانەوە بکەن.
Your browser doesn’t support HTML5