بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کردووە ڕایدەگەیەنێت، راکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک ئاگادارکراوەتەوە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی دەست بەکاربوونی ڕێبوار تەها پارێزگاری نوێی کەرکوک، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە ئامادەی مەراسیمەکە بێت.
پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"نەخۆشی کورسی هەیە لەسەر ئاستی عێراق و ئەوەی چووە سەر کورسی نایەوێت دەست بەرداری بێت، بۆیە راکان جبوری چاوی بەرایی نەهات بەشداری مەراسیمی دەست بەکاربوونی پارێزگاری نوێی کەرکوک بێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14 ی هەشتی 2024، ڕێبوار تەها کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو پارێزگاری نوێی کەرکوک دەست بەکاربوو، دوای ئەوەی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە دادگای کەرکوک سوێندی یاسایی خوارد.
دوای دەست بەکاربوونی وەکو پارێزگاری نوێی کەرکوک، رێبوار تەها یەکەم نوسراوی واژۆ کرد کە تایبەتبوو بە خانەنیشین بوونی راکان جبوری پارێزگاری پێشووی پارێزگاکە بە وەکالەت، کە لە مانگی 10 ی ساڵی 2017 ەوە لەو پۆستەدا بوو.
راکان جبوری پارێزگای پێشووی کەرکوک و سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی کە خاوەنی سێ کورسی ئەنجومەنی پارێزگایە، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە نایاسایی ناودەبات و پێیوایە"پیلانگێڕی" لە دژ ئەنجامدراوە.
پەروین فاتیح دەڵێت،"لە ڕێگەی چەند کەسایەتییەکەوە راکان جبوریمان ئاگادار کردەوە بۆ ئەوەی ئامادەی مەراسیمی دەست بەکاربوونی پارێزگاری نوێ بێت، بەڵام وتبووی ناتوانم ئامادەبم."
شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.
ئەو سێ لایەنەی پێکهێنەری حکومەتی خۆجێی کەرکوکن خاوەنی 9 کورسی ئەنجومەنی پارێزگان لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە، لەکاتێکدا پارتی دیموکرات و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کە بەشداری پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان نەکردووە خاوەنی 7 کورسین.
بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، پۆستی پارێزگار بۆ رێبوار تەها لە یەکێتی نیشتمانی، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن بۆ محەمەد ئیبراهیم حافزو پۆستی جێگری پارێزگار بۆ ئیبراهیم تەمیمی لە عەرەبی سونە، هەروەها پۆستەکانی جێگری دووەمی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنیش بۆ پێکهاتەی تورکمان جێهێڵراون.
دوای دەست بەکاربوونی وەکو پارێزگاری نوێی کەرکوک، رێبوار تەها لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،"لەمەودوا لە ژێر یەک چەتردا دەبین و یەک ناسنامە هەڵدەگرین، کە ناسنامەی کەرکوکەو پێکەوە بۆ داهاتووی کەرکوک و ڕۆڵەکانی کەرکوک کاردەکەین."
هەروەها وتیشی،"ڕۆڵەکانمان دەچنە زانکۆو پەیمانگاکان دەست لەناو دەست و ناکۆک نەبن، دەبێت لە ژێر ئاڵاو بەیداغی کەرکوکدا کۆببنەوە."
پێنج ئەندامی یەکێتی و ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن لە ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک ئامادەی دەست بەکاربوونی پارێزگاری نوێ بوون، لەکاتێکدا ئەو سێ ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگاش لە کوتلەی عەرەبی سونە بەشداری مەراسیمەکەیان نەکرد کە لەگەڵ یەکێتی چوونەتە نێو هاوپەیمانێتییەوە.
پێدەچێت هۆکاری بەشداری نەکردنی ئەو سێ ئەندامەی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگا لە مەراسیمی دەست بەکاربوونی پارێزگاری نوێی کەرکوک، پەیوەندی بەو هێرشانەوە هەبێت کە لە سۆشیال میدیا لەلایەن لایەنگرانی هاوپەیمانی عەرەبییەوە دەکرێتە سەریان و تۆمەتباریان دەکەن بە "فرۆشتنی پۆستی پارێزگار".
پەروین فاتیح دەڵێت،"لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو سێ ئەندامەی عەرەبیش دێنە پارێزگا. وەکو کوتلەی یەکێتی سەردانی حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ئەرشەد ساڵەحی و کوتلەکانی تریش دەکەین. مادام پۆستی پارێزگار پشکی کوردە دەبێت برا گەورە بین بۆ هەمووان."
بەرەی تورکمانی، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرۆکایەتی راکان جبوری، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە نایاسایی ناو دەبەن و بەرەی تورکمانی دۆسیەکەی بردووەتە دادگای فیدراڵی عێراق.
هەرچەندە پارێزگاری نوێی کەرکوک لە کەشوهەوایەکی ئاساییدا دەست بەکاربوو، بەڵام ئێوارەی دوێنێ سێشەمە، 13 ی مانگی هەشتی 2024، بەشێک لە لایەنگرانی بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لەبەردەم بینای پارێزگا دژی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
پەروین فاتیح، ئەندامی کوتلەی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت،"هەندێک لایەن ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن، بەڵام شەقام لە دۆخەکە تێگەیشتووە."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی 5 کورسی، عەرەبی سونە بە سێ لیستەوە 6 کورسی، بەرەی تورکمانی 2 کورسی، پارتی 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە بەدەستهێناوە.