وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ گەشت دەکات بۆ ئەمەریکا و ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکندا کۆدەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن خۆی بە دوورگرتووە لە تورکیا، ئەوەش بەهۆی ئاڕاستە تاکڕەوییەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سیاسەتەکانیەوە کە ماف و ئازادییەکانی سنووردار کردووە.
تورکیا هێشتا لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ ئەمەریکا گرنگە، ساڵی ڕابردوو حکومەتی تورکیا یارمەتیدەر بوو لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان.
ئەمەریکا و تورکیا بەردەوام لەسەر چەندین پرس ناکۆکییان هەبووە، گەورەترینیان کڕینی سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا لەلایەن تورکیا و پشتیوانییەکانی ئەمەریکایە بۆ هێزە کوردییەکانی ناو سوریا.
تورکیا لە ساڵی 2017 دا سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس 400 ی ڕووسی کڕی، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا سزای بەسەردا بسەپێنێت و تورکیا لە پڕۆگرامی هاوبەشی دروستکردنی نەوەی نوێی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 35 ی ئەمەریکی دەربکات. دوای لە دەستدانی ئێف 35 ، تورکیا ئێستا هەوڵ دەدات فڕۆکە ئێف شانزەکانی نوێ بکاتەوە. بەڵام ئەوەش لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە دژایەتی دەکرێت.
لەم هەفتەیەدا چاوش ئۆغلۆ وتی متمانەی هەیە بەوەی گرێبەستی کڕینی 40 فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16 و تەکنەلۆجیای نوێکردنەوەی ئەو فڕۆکە ئێف شانزانەی کە هەیەتی زاڵ دەبێت بەسەر بەربەستەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکادا.
چاوش ئۆغلۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدندا گەیشتووین بە ڕێککەوتنێک، گرنگە بەڕێوبەرایەتییەکە جەخت لەوە بکاتەوە کە ڕێککەوتنەکە نەک تەنها بۆ تورکیا گرنگە بەڵکو بۆ ناتۆش گرنگە. ئەگەر بەڕێوبەرایەتییەکە سوور بێت لەسەر ڕێککەوتنەکە، ئەوا هیچ کێشەیەک نابێت."
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڤیدانت پاتێل ڕۆژی هەینی وەڵامی ئەو هەواڵانەی دایەوە کە دەڵێن بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هەوڵی ئەوەش دەدات کۆنگرێس گواستنەوەی فڕۆکەی ئێف 35 بۆ یۆنان پەسەند بکات.
پاتێل وتی " تورکیا و یۆنان هەردووکیان گرنگن، گرنگن بۆ هاوپەیمانانی ناتۆ و بێگومان مێژوویەکمان هەیە لە پشتیوانیکردن لە دابینکردنی پێویستی ئاسایش بۆیان. بەڵام ئێستا لێرەدا پێش ڕووداوەکان و پڕۆسەکە ناکەوم."
لە سوریا، ئەمەریکا لە ساڵی 2014 ەوە پشتیوانی لە هێزە کوردییەکانی وەکو یەپەگە دەکات کە دژی ڕێکخراوی داعش دەجەنگن و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئەوەش تورکیای توڕە کردووە.
پشتیوانیکردنی یەپەگە لەلایەن ئەمەریکاوە بووەتە هۆی ئەوەی بەرپرسانی تورکیا واشنتن تۆمەتبار بکەن بە تۆمەتی پەیوەستییانەوە بە هێرشە تیرۆریستییەکانی وەکو تەقینەوەکەی مانگی یانزەی ئیستەنبوڵ کە تیایدا شەش کەس کوژران.
ئەمەریکاش نیگەرانە سەبارەت بە زیادبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا، کە لە ماوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا گەرمتر بووە. سەرەڕای پەیوەندییەکانی تورکیا و مۆسکۆ، ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە پێشێلکردنی سزاکان، لە کاتێکدا کە ئاستی بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە ساڵی ڕابردوودا زیادی کردووە.
لەلایەکی دیکەوە تورکیا لە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکاندایە لەگەڵ حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەددا، کە هەریەک لە ڕووسیا و ئێران پشتیوانی لێدەکەن. لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە دژایەتی خۆی کردەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشقدا.
ڕۆژی پێنجشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " هیچ شتێکمان نەبینیوە لەسەر ئەوەی ئەم ڕژێمەی دیمەشق شتێکی کردبێت شایستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی یاخود باشکردنی پەیوەندییەکان بێت لەگەڵیدا."
وتیشی " هەرکەسێک دەیەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریادا ئاسایی بکاتەوە دەبێت بپرسێت ئایا ئەم ئاساییکردنەوەیە چی سوودێکی دەبێت بۆ گەلی سوریا، گەلێک کە قورسایی خراپی ئەو شتانەی هەڵگرتووە کە حکومەتەکەی خۆی بەسەریدا هێناون."
سەبارەت بە هەڕەشەکانی تورکیاش بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر باکووری سوریا، سوپای ئەمەریکا هۆشداری داوە دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا دژی یەپەگە و دەڵێت ئەو هێرشە دەبێتە هۆی تێکدانی ناوچەکە و زیندووکردنەوەی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا.
سەرچاوە/ AP