Accessibility links

بنکەو بارەگای حزبە کوردییەکان لە چیای هەڵگورد و بەربزێن تێکدەدرێن


سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ڕایگەیاند، حزبە کوردییەکان بە تەواوەتی هێزەکانیان لە چیای هەڵگورد و بەربزین کشاندووەتەوەو بڕیارە شاندی هەرێم و عێراق بچنە ئەو شاخانەو بنکەو بارەگاکان تێکبدەن.

سەرچاوە نزیکەکە لە حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕەنگە دوای تێکدانی بنکەو بارەگای حزبە کوردییەکان لە شاخی هەڵگورد و بەربزین، وەفدی ئێرانی ببرێتە ناوچەکەو دڵنیاییان لە بارەی دۆخەکەوە پێبدرێت."

ئێران ڕۆژی 19 ی ئەیلولی وەکو دوا وادە بۆ چەککردنی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی دیاریکردووە، تەنها 6 ڕۆژی ماوە بۆ ئەو وادەیە و بەرپرسانی عێراق و هەرێم لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو وادەیەی دیاریکردووە بۆ چەککردنی حزبە کوردییەکان، ئێران هێزێکی زۆری بەچەک و تەقەمەنی سوک و قورسەوە گواستووەتەوە بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی ناوچە کوردییەکانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران هێزێکی زۆری لەهەمەدان و زنجان و تەبرێزەوە گواستووەتەوە بۆ ناوچە سنورییەکانی هەرێم."

یەکێک لەو ناوچانەی حزبە کوردییەکانی ئێران پێشبینی دەکەن بۆردومانی چڕ بکرێت، کەمپی ئازادی حزبی دیموکراتی کوردستانە لە ناوچەی کۆیە، بۆیە لەو کەمپە ڕێوشوێنی خۆپارێزی گیراوەتە بەر.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، دەڵێت،"موشەک بارانکردنی چڕی بنکەو بارەگای حزبە کوردییەکان یەکێکە لە پلانەکانی ئێران."

بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە زانیارییان دایە دەنگی ئەمەریکا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، چەند پێشنیارێک لەکاتی گفتووگۆی نێوان لایەنی عێراقی و ئێرانی دا خراوەتە ڕوو.

پێشنیاری یەکەم،کۆکردنەوەی حزبە کوردییەکانبووە لە نێو کامپدا لە پارێزگای ئەنبار، بەڵام ئەمە لەلایەن حزبە کوردییەکانەوە ڕەتکراوەتەوە.

پێشنیاری دووەم، هێشتنەوەی حزبە کوردییەکانە لە نێو ئۆردوگاکانی خۆیاندا بەو مەرجەی لەچەک دابماڵرێن، ئێران داوای ڕادەستکردنی هەندێک لەسەرکردەکانیشی کردوون، بەڵام ڕادەستکردنی سەرکردەکان بە ئەستەم زانراوەو بەڵێنی ئەوە دراوە ڕێگەیان پێنەدرێت چیتر هاتووچۆی دەرەوەی وڵات بکەن.

ئەرسەلان یارئەحمەدی، وتی،"بیستوومانە گوایە لە ناوچەی خەلیفان کامپ بۆ حزبە کوردییەکان دروست دەکرێت."

ئەمڕۆ چوارشەمە، هێزەکانی پارتی ئازادی کوردستان لەناوچەی پردێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە چەکی قورس داماڵراون، وەکو هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لە خواستەکانی ئێران.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە حسێن یەزدان پەنا سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان و خەلیل نادری وتەبێژی ئەو حزبەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.

ئەمجەد پەناهی، ئەندامی کۆمیسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە ڕێزمان لەسەروەری خاکی هەرێم و عێراق گرتووە، ساڵانێکی دوور و درێژە سنورەکانمان بۆ هێرشکردن بەکار نەهێناوە، بەڵام ئێمە کراوینەتە بیانوو."

XS
SM
MD
LG