Accessibility links

دوای ئەوەی بایدن دەستبەرداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان بوو، ترامپ و کۆمارییەکانی دیکە داوای دەست لە کارکێشانەوەی دەکەن


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند کە دەستبەرداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەبێت و لە کاندیدبوونەکەی دەکشێتەوە، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپ داوای کرد بایدن دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە وەکو سەرۆکی ئەمەریکا.

ترامپ وتی " جۆو بایدن گونجاو نەبوو خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆکایەتی، بە دڵنیاییشەوە گونجاو نیە خزمەت بکات، هەرگیزیش گونجاو نەبووە."

ترامپ وتی " بایدن خراپترین سەرۆک بووە لە مێژووی وڵاتەکەماندا. دەستبەرداری کێبڕکێکە بوو بە شەرمەزارییەکی تەواوەوە."

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن و یاسادانەرەکانی دیکەی کۆمارییەکان کە پشتگیرییان لە ترامپ کردووە بە هەمان شێوەی ترامپ داوای دەست لە کارکێشانەوەی بایدنییان کرد.

جۆنسن وتی " ئەگەر بایدن گونجاو نەبێت بۆ مانەوەی وەکو بەربژێری دیموکراتەکان و سەرۆکایەتیکردن، ئەوا گونجاو نیە وەکو سەرۆک بمێنێتەوە و دەبێت دەستبەجێ دەست لە کاربکێشێتەوە. 5 ی مانگی یانزە زۆر درەنگە."

یاسادانەری کۆنگرێس ئیلیس ستێفانیک کە پلەی چوارەمە لە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا وتی " ئەگەر جۆو بایدن نەتوانێت خۆی هەڵبژێرێتەوە ئەوا توانای نیە و گونجاو نیە بۆ خزمەتکردن وەکو سەرۆکی ئەمەریکا. دەبێت دەستبەجێ دەست لە کاربکێشێتەوە."

تۆم ئیمەری پلە 3 لە زۆرینە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا وتی " ئەگەر پارتی دیموکراتەکان بڕیاریدابێت لەسەر ئەوەی کە بایدن گونجاو نیە بۆ دووبارە خۆ هەڵبژاردنەوەی، ئەوا بە دڵنیاییەوە گونجاو نیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆدە ئەتۆمییەکانمان. بایدن دەبێت دەستبەجێ دەست لە کاربکێشێتەوە."

مایکڵ ثۆرنینگی بەڕێوبەری پێکهاتەی دیموکراسی لە ناوەندی سیاسەتی بایپارتیزان دەڵێت لە ڕووی یاساییەوە، داواکانی کۆمارییەکان بۆ دەست لە کارکێشانەوەی بایدن هیچ قورساییەکیان نیە. سەرۆک دەسەڵاتی هەیە تاوەکو ئەو ماوەی کە ماوییەتی وەکو سەرۆک خزمەت بکات.

ثۆرنینگ بە دەنگی ئەمەریکای وت " هیچ مەرجێکی دەستووری نیە بۆ سەرۆک تاوەکو هەوڵی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بدات لە پێناو ئەوەی بەردەوام بێت لە خزمەتکردن لە ڕێی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان و دەستبەکاربوونییەوە وەکو سەرۆک."

کۆشکی سپی وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکای نەداوەتەوە سەبارەت بە داواکانی کۆمارییەکان.

تاوەکو بەیانی ڕۆژی دووشەممە، هیچ وەڵامێک نەبووە لەلایەن سەرکردەکانی دیموکراتەکانەوە بۆ داواکانی کۆمارییەکان بۆ دەست لە کارکێشانەوەی بایدن. بەڵام لە وەڵامی کشانەوەی بایدندا لە کێبڕکێکە، سەرکردەکانی دیموکراتەکان ستایشی خزمەتە درێژخایەن و تۆماری یاسادانانی بایدنییان کرد.

سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی زۆرینە دیموکرات چەک شومەر وتی " جۆو بایدن نەک تەنها سەرۆکێکی مەزن بووە بەڵکو سەرکردەیەکی مەزنی یاسادانانیش بووە، بەڵام ئەو بە ڕاستی مرۆڤێکی سەرسوڕهێنەرە. بڕیارەکەی بێگومان ئاسان نەبووە، بەڵام جارێکی دیکە وڵاتەکەی و پارتەکەی و داهاتوومانی خستە پێشەوە."

سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هاکیم جێفریس وتی بایدن " یەکێکە لە هەرە سەرکردە لێهاتوو و بە ئەنجامەکان لە مێژووی ئەمەریکادا."

سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی کە گوایە یەکێک بووە لەو یاسادانەرانەی دیموکراتەکان کە هانی بایدنی داوە بۆ کشانەوە لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان، وتی بایدن " ئەمەریکاییەکی نیشتیمانپەروەرە کە هەمیشە وڵاتەکەی پێش هەموو شتێکی تر خستووە."

پیڵۆسی وتی " میراتی دید و بەها و سەرکردایەتییەکەی وای لێدەکات یەکێک بێت لە هەرە سەرۆکە بە ئەنجامەکان لە مێژووی ئەمەریکادا."

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما وتی بڕیارەکەی بایدن بۆ کشانەوە بە بیرهێنانەوەیەکە لەسەر ئەوەی " کە ئەو نیشتیمانپەروەرێکە لە بەرزترین ئاستدا."

وتی " جۆو لە هەموو کەسێک زیاتر تێدەگات گرەوەکانی ئەم هەڵبژاردنە چین، چۆن هەموو ئەو شتانەی کە شەڕی بۆ کردوون لە سەرانسەری ژیانیدا و هەموو ئەو شتانەی کە پارتی دیموکراتەکان لە پاڵییاندا وەستاون، دەکەونە مەترسییەوە ئەگەر دانۆڵد ترامپ بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی و کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس بگەڕێتەوە دەستی کۆمارییەکان."

کۆمارییەکان داوای دەست لە کارکێشانەوەی بایدن دەکەن و ئەمەش قەیرانەکانی لە سیاسەتی ئەمەریکادا زیاتر کردووە، ئەوەش دوابەدوای ڕاگەیاندنەکەی بایدن کە ڕێگای دیموکراتەکانی بۆ پێشەوە بە نادیاریی هێشتەوە.

لاری ساباتۆی بەڕێوبەری ناوەندی سیاسەت لە زانکۆی ڤێرجینیا سەبارەت بە کۆمارییەکان وتی " ئەوان یاری سیاسەت دەکەن."
ساباتۆ بە دەنگی ئەمەریکای وت " شتە دیارەکە پێمان دەڵێت کە بایدن دوو کاری تەواوی هەیە، سەرۆکایەتیکردن و خۆ هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی. ئێستا یەک کاری تەواوی هەیە، سەلماندووشییەتی کە باشە تێیدا. دەتوانێت ئەو چەند مانگەی ماوییەتی تەواویی بکات و بە شکۆوە بەجێی بهێڵێت."

بایدن دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە لە نامەیەکدا بۆ وڵاتەکە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە ڕایگەیاند کە دەستبەرداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەبێت. وتی هەرچەندە نیازی هەبووە بەردەوام بێت بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی، بەڵام باوەڕی وایە کە " ئەوە لە بەرژەوەندی پارتەکەم و وڵاتەکەمە کە بکشێمەوە و تەنها سەنگ بخەمە سەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانم لەو ماوەیەی کە ماومە لە سەرۆکایەتیدا."

دیموکراتەکانی ئەمەریکا لە دوای مشتومڕەکەی بایدنەوە لە مانگی ڕابردوودا بەرامبەر ترامپ، داوایان لە بایدن کرد دەستبەرداری کێبڕکێکە ببێت، بەڵام بایدن سوور بوو لەسەر بەردەوامیدان بە کاندیدبوونەکەی، ئێستا، ڕاگەیاندنەکەی هەموو ئەوەی پێچەوانە کردەوە.

لە کاتێکدا کە بایدن کشایەوە، ئێستا سەرنجی وڵاتەکە لەسەر پارتی دیموکراتەکان دەبێت، ویلیام هاوڵ پڕۆفیسۆری سیاسەتی ئەمەریکا لە زانکۆی شیکاگۆ هێرس لە بەشی سیاسەتی گشتی دەڵێت دیموکراتەکان باش دەبن ئەگەر ئەم سەرنجە بە باشی بەکاربهێنن.

بە دەنگی ئەمەریکای وت " دەبێت بەهرەمەندی خۆیان پیشان بدەن، باس لە دیدی خۆیان بکەن بۆ داهاتوو، باشترینی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ گۆڕینی شێوازی ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردنە."

ئەوەش کارێکی قورسە لە کاتێکدا کە نەیارەکان پەیامێک لەسەر دیموکراتەکان بڵاودەکەنەوە و دەڵێن دیموکراتەکان لە پشێویدان. بایدن پشتگیری خۆی بۆ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس دەربڕیوە تاوەکو ببێتە بەربژێری نوێی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و وتوویەتی دواتر لەم هەفتەیەدا زیاتر باس لە بڕیارەکەی دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا کە چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنەکەی بایدن بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی وتی بایدن " قسەی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس و فەرمانڕەواکان و لایەنگرەکانیدا کردووە، هەروەها ئەمشەو و سبەینێ بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG