ئەمەریکا هەوڵی دەستکەوتنی پشتگیری زیاتر دەدات بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە

چارەنووسی پێشنیارێک کە بۆ ماوەیەکی کاتی شەڕەکە لە غەززە ڕادەگرێت و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە زیاتر دەکات و هەندێک لەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون ئازاد دەکات، ڕۆژی سێشەممە بە نادیاریی مایەوە، چونکە هێشتا حەماس وەڵامێکی نەداوە سەبارەت بە پێشنیارەکە. بەرپرسانی ئیسڕائیلیش لە هەندێک لە وردەکارییەکانی پێشنیارەکە دوودڵن و ئەمەریکاش هەوڵی بە دەستهێنانی پشتگیری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

لە ڕەشنووسێکدا کە لەلایەن دەنگی ئەمەریکاوە بیندراوە، تێیدا داوا لە حەماس کراوە بە تەواوەتی پێشنیاری ئاگربەست پەسەند بکات و جێبەجێی بکات، " بەبێ دواکەوتن و بەبێ هیچ مەرجێک."

ڕەشنووسەکە دەڵێت " جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە بە خێرایی دەبێتە هۆی خستنەوەی ئاگربەستێک و کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل لە ناوچە قەرەباڵغەکانی دانیشتوان لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان و زیادبوونی یارمەتییە مرۆییەکان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، هەروەها گەڕانەوەی هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی بۆ باکووری غەززە."

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت حەماس کە ڕۆژی پێنجشەممە پێشنیاری ئاگربەستەکەی بە دەست گەیشتووە، هێشتا وەڵامی نەبووە. وتی بەشە سەرەکییەکانی پێشنیارەکە " زۆر لەو بەشانەی پێشنیارەکەی حەماس دەچن کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پێشکەشی کرد."

بەپێی ڕێککەوتنەکە، بۆ ماوەی شەش هەفتە شەڕەکە ڕادەگیرێت، هەندێک لە بارمتەکان لە غەززە ئازاد دەکرێن، ڕۆژانە 600 بارهەڵگری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان دەچنە غەززەوە و گفتوگۆی زیاتریش دەکرێت لەسەر کۆتایی هێنانێکی هەمیشەیی بە شەڕەکە.

ڕۆژی دووشەممە بەرپرسانی ئەمەریکا جەختییان لەوە کردەوە کە پێشنیاری ئاگربەستەکە سەرەڕای ئەوەی کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنەوە ڕاگەیەندرا، پێشنیاری ئیسڕائیلە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشکرا کە بەرپرسان لە ڕابردوودا ڕەتییان دەکردەوە ئاشکرای بکەن لە ترسی تێکچوونی پڕۆسەی گفتوگۆکان مەبەست لێی ئەوە نەبووە کە فشار بخرێتە سەر بەرپرسانی ئیسڕائیل، بەڵکو مەبەست لێی فشار خستنەسەر حەماس و سەرکردەکانی بووە بە ئاشکرا تاوەکو ڕێککەوتنەکە پەسەند بکەن.

وتی " سەرۆک بیری لەوە کردەوە ئێمە لە کوێداین لەم جەنگەدا، لە کوێداین لە گفتوگۆکاندا بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان، هەستی بەوە کرد کە ئێستا کاتی پەیڕەوکردنی شێوازێکی جیاوازە و کاتی ئەوەیە پێشنیارەکە ئاشکرا بکرێت، ئەوەش لە پێناو وزەدان بە پڕۆسەکە و هاندان بۆ دەرەنجامێکی جیاواز.

کیربی پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کە ئەگەر حەماس بە پێشنیارەکە ڕازی ببێت ئەوا ئیسڕائیلیش بە پێشنیارەکە ڕازی دەبێت.

ئۆفیسەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی نەتانیاهو ڕۆژی دووشەممە بە کۆمیتەیەکی پەرلەمانی وتووە " بانگەشەکان لەسەر ئەوەی کە ئیسڕائیل لەسەر ئاگربەستێک ڕازی بووە بەبێ ئەوەی مەرجەکانی خۆمانی تێدا جێبەچێ کرابێت ڕاست نین."

وتەبێژێکی حکومەتی ئیسڕائیل وتی " جەنگەکە بە گەڕاندنەوەی بارمتەکان دەوەستێت " دوای ئەوەش گفتوگۆ دێت لەسەر چۆنێتی بە دەستهێنانی ئامانجەکەی ئیسڕائیل بۆ لە ناوبردنی حەماس.

سەرکردەکانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوتیش بەیاننامەیەکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆیان بۆ پێشنیاری ئاگربەستەکە دەربڕی.

لە بەیاننامەکەدا وتییان " داوا لە حەماس دەکەین ڕێککەوتنەکە پەسەند بکات، ئیسڕائیل ئامادەیە بەرەو پێشەوە بڕوات و داوا لەو وڵاتانە دەکەین کە کاریگەرییان لەسەر حەماس هەیە یارمەتیدەر بن لە دڵنیابوونەوە لەوە حەماس بە ڕێککەوتنەکە ڕازی ببێت."

وەزیرانی دەرەوەی میسڕ و ئوردن و سعودیە و قەتەڕ و ئیماڕات دوای کۆبوونەوەکەیان لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە وتییان پشتگیری لە هەوڵەکان دەکەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی، هەروەها جەختییان لەوە کردەوە " بە جددی و ئەرێنییەوە مامەڵە " لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا دەکەین کە بایدن ڕایگەیاندووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزیرەکان داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیلییان کردووە لە کەرتی غەززە و گەڕاندنەوەی ئاوارە فەلەستینییەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان، هەروەها داوای دەستپێکردنی هەوڵەکانییان کردووە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی غەززە و جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا