Accessibility links

کۆی زانیارییەکان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئامانجەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە


ئەمەریکا وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە کوژرانی سێ سەربازەکەی لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە ئوردن، ئێوارەی هەینی هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئەو گروپە چەکدارییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت لە عێراق و سوریادا.

سەبارەت بە هێرشەکان چی دەزانین؟
سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانییەکان زیاتر لە 85 ئامانجییان لە ناوخۆی سوریا و عێراقدا پێکاوە و هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گروپە چەکدارییانەی کردووەتە ئامانج کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات.

وتەبێژی حکومەتی عێراق باسم ئەلعەوادی وتی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای عێراق بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 16 کەس، هاووڵاتییانی سڤیلیشی تێدا بووە.

عەوادی لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە ئاسایشی عێراق و ناوچەکە خۆی لە لێواری کۆتاییدا دەبینێتەوە." هەروەها ئەو بانگەشانەی ڕەت کردەوە کە گوایە عێراق " پێشوەخت " هەماهەنگی هەبووە لەگەڵ ئەمەریکادا لەسەر هێرشەکان.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا شەوی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بووە هۆی کوژرانی 23 چەکداری لایەنگری ئێران.

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدلڕەحمان وتی " ژمارەی کوژراوەکان بەرز بووەوە بۆ 23 مردوو، 10 چەکداری لایەنگری ئێران لە ناوچەی دەیرەزوور و 13 چەکداری دیکە لە ناوچەی مەیادین." وتیشی نۆ لە چەکدارەکان سوریایی بوون و شەش چەکداری دیکەیان عێراقی بوون. هیچ هەواڵێکیش نەبووە لەسەر کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل.

سوپای سوریا پێشتر لە بەیاننامەیەکدا وتی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە بۆ سەر خاکەکەی " ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی سڤیل و سەرباز کوژراون و خەڵکی دیکە بریندار بوون و زیانێکی گەورەش بە موڵکە تایبەت و گشتییەکان گەیشتووە."

سوپای سوریا وتی " داگیرکردنی چەند بەشێکی خاکی سوریا لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە ناکرێت بەردەوام بێت." هەروەها جەختی لە سووربوونی سوپا کردەوە لە " ئازادکردنی سەرجەم خاکەکەی سوریا لە تیرۆر و داگیرکاری."

ڕۆژی شەممە ئێرانیش بە هەمان شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر عێراق و سوریای کرد و وتی "هەڵەیەکی ستراتیژی " ئەمەریکا بوون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا قوربانییەکان ئێرانیشییان تێدا بووە یاخود نا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشەکانی ئەمەریکا " هەڵەیەکی سەرکێشی و ستراتیژی دیکەی ئەمەریکان کە تەنها دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچە ناجێگیرەکەدا."

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری ڕامی عەبدڕەحمان وتی لانیکەم 26 پێگەی سەرەکی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە ناوبراون، بە کۆگاکانی چەکیشەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئامانجەکانی ناو ئێرانی نەکردە ئامانج، وەکو چۆن لەلایەن هەندێک لە کۆمارییەکانەوە داواکرابوو، هەروەها وادیار نەبوو ئێرانییەکانیش بکاتە ئامانج، وەکو چۆن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2020 دا فەرمانیکرد بە کوشتنی فەرماندەی هێزەکانی قودسی ئێران قاسم سولەیمانی لە بەغداد.

بایدن دەڵێت ئەمەریکا " هەوڵی ململانێ نادات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا." بەرپرسانی ئەمەریکاش ڕوونییان کردووەتەوە کە جەنگێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئێراندا ناوێت.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هاتن کە بایدن چاوی بە خێزانەکانی ئەو سەربازانەی ئەمەریکا کەوت کە لە هێرشەکەی سەر ئوردندا کوژران، لە کاتێکدا کە تەرمی سەربازەکان گەڕێندرانەوە بۆ ئەمەریکا.

کۆشکی سپی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە کوشندەیەی سەر هێزەکانی ئەمەریکای خستە ئەستۆی بەرهەڵستکارانی ئیسلامی لە عێراق، کە پێکهاتووە لەو گروپە چەکدارییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و هەوڵی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەدەن لە عێراقدا.

بەپێی بەرپرسێکی ئەمەریکا، لە ناوەڕاستی مانگی 10 ەوە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانان لانیکەم 165 جار لە عێراق و سوریا و ئوردن هێرشییان کراوەتە سەر. بەڵام هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن یەکەمین هێرش بوو کە سەربازانی ئەمەریکایی تێیدا بکوژرێن.

گرژییەکان بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیادییان کردووە، حەماس لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت و لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارەکانی هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و ئەوەش ئیسڕائیلی ناچار کرد هەڵمەتێکی سەربازیی دژی چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە دەستپێبکات.

لەو کاتەوە ئەمەریکا هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی ململانێکە بکات پەرە نەسەنێت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەش لە ڕێی دیپلۆماسی و پیشاندانی هێزەوە. هاوکات حیزبوڵای لوبنانیش کە یەکێکە لە بە تواناترین گروپە چەکدارییەکان لە وڵاتانی عەرەبیدا، بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی بە دوورگرتووە.

بەڵام ئەمە یەکەمین جار نیە ئەمەریکا پەنا بباتەبەر کاری سەربازیی لە ململانێکەدا.

حوسییەکانی یەمەن کە زۆربەی یەمەنییان لە ژێر دەستدایە، هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا، دەڵێن ئەو هێرشانە دەرخستنی پشتیوانین بۆ فەلەستینییەکان دژی ئیسڕائیل.

دوای ئەوەی چەند جارێک ئاگادار کرانەوە هێرشەکانییان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور ڕابگرن، ئەمەریکا و بەڕیتانیا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ئامانجە حوسییەکان لە ناو یەمەندا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت وەڵامەکەی ئەمەریکا دژی گروپە چەکدارییەکان لە عێراق و سوریا " بەردەوام دەبێت لەو کات و شوێنەدا کە خۆمان هەڵیدەبژێرین." وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوید ئۆستنیش دەڵێت "سەرۆک فەرمانی کردووە کاری زیاتر بکرێت دژی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گروپە چەکدارییانەی کە پەیوەستن بە ئێرانەوە."

ڕۆژی سێشەممە گروپی چەکداری کەتائیب حیزبوڵا کە گروپێکی دیارە لە عێراقدا وتی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەوەستێنێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا وتییان بە تۆڵەکردنەوە و بڕیاردان لەسەر کارەکانی گروپە چەکدارییەکان وەڵام دەدەنەوە.

زۆرێک لە شارەزایانی ئەمەریکا باوەڕییان وایە ئێران هەوڵی ململانێیەکی بەرفراوان نادات لەگەڵ ئەمەریکای بەهێزتردا، بەڵام پشتیوانییەکی زیاتری لە جیهانی عەرەبیدا دەستکەوتووە لەسەر ئەوەی کە پشتیوانی لە حەماس دەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG